بە بەشداریی 115 هەزار و 787 قوتابی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی بەڕێوە دەچێ

وا بڕیارە لە 1ـی حوزەیران تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەست پێبکات؛ بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پەروەردە ڕێکاری توندوتۆڵ لە پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەگرێتە بەر.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەدە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "پرسیارەکان لە دەستێکی پارێزراوە و لیژنەی باڵای ئەزموونەکان سەرپەرشتیی دەکات، جگە لە لیژنە تایبەتمەندەکان هیچ کەسێک ناتوانێت پرسیارەکان ببینێت، شێوازی پاراستن و ناردنی پرسیارەکان بۆ شارەکان و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە هێندە ورد و توندوتۆڵە، هیچ ئەگەرێک بۆ دزەپێکردنی پرسیارەکان نیە؛ لە سندوقی تایبەتدا لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکان و نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردە بۆ هۆڵەکان دەگوازرێنەوە."
سامان سیوەیلی، لە بارەی ئەگەری دزەپێکردنی پرسیارەکانیش گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە ساڵانێکی زۆرە بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەمەوە هیچ ئەگەرێکی وا نەماوە، لەبەر ئەوەی کاتێک قوتابی دەگاتە هۆڵی تاقیکردنەوەکان دەپشکێنرێت، جگە لەمەش بە سوپاسگوزارییەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هێڵەکانی ئینتەرنێت بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەبڕێت واتا لە 6ـی بەیانی تاکوو کاتژمێر 8، هەروەها هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ زۆر هاوکارمانن و لە دەوروبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەن بۆ پارێزگاریکردن لە هەر هەر ئەگەرێک."
لە بارەی پەڕەی سۆماوە گوتی: "پەڕەی سۆما و شێوازی دانانی پرسیارەکان بە جۆرێکە کە سیستەمی (ئەی تو زێت) 26 جۆری جیاواز ڕێک دەخات کە هیچ قوتابییەک ناتوانێت لە چواردەوری خۆی کەڵک وەربگرێت."
سامی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی شۆڕشی کچان، لەبارەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 گوتی: " هەموو قوتابخانەکان ئامادەکاریی تەواویان بۆ دەکرێت لە ڕووی پێداویستیی تایبەتی قوتابی، ئاو، کارەبا و فێنککەرەوە، لە دوای پشووش هەر قوتابییەک هەر پرسیارێکی هەبێت مامۆستاکان ئامادەن بۆیان دووبارە بکەنەوە."
بۆ ئەمساڵ 115 هەزار و 787 قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن، قوتابییان بەسەر 2017 هۆڵی تاقیکردنەوەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابەش بوونە و هەفتانە دوو تاقیکردنەوە دەکەن و لە 29ـی حوزەیران کۆتایی بە تاقیکردنەوەکان دێت، دەرفەتی یەکسان بۆ تەواوی بەشداران لە تاقیکردنەوە ڕەخسێنراوە و قوتابی ئەگەر لە وانەکان بکەوێت، مافی بەشداریکردنی لە خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری