Skip to the content

لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ ڕاییكردنی کاروباری خانەنشینان دروست دەکرێت

بەهۆی دواكەوتنی مووچە و مامەڵەی خانەشینان، بۆ ڕێکخستنەوە و زیاتر خزمەتکردنی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند درا، تا بە زووترین كات ئەم بابەتە چارەسەر بكات.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە وەزارەتەکانی (کاروباری پێشمەرگە، ناوخۆ، دارایی و ئابووری)ـی ڕاسپاردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات لیژنەیەکی تایبەتمەندی هاوبەش پێک بهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی گونجاو، بۆ ئاسانکاری لە زووبەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دوا نەکەوێت.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتەکانی (کاروباری پێشمەرگە، ناوخۆ و دارایی و ئابووری) دەکات، پێویستە سەرلەنوێ لە چوارچێوەی یاسایەکی خانەنشینیی یەکگرتوو و تایبەت بە هەرێمی کوردستان ڕێک بخرێتەوە، کە ڕەچاوی تایبەتمەندێتیی هەرێمی کوردستان بکرێت بەتایبەتی بابەتی دەستنیشانکردنی تەمەنی خانەنشینی، هێنانەکایەی دەستەیەکی نیشتمانی بۆ کاروباری خانەنیشینان لە چوارچێوەی ئەم یاسایە دەبێت.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری