بە گوژمەی 114 ملیار دینار پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە جێبەجێ دەکرێ
پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە، یەکێکە پرۆژە ستراتیجییەکان لە چوارچێوەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە قەزای چەمچەماڵ.
پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە، لە کاتژمێرێکدا 3 هەزار و 400 مەترسێجا ئاوی پاک بەرهەم دێنێت؛ هاوکات ئاوی خواردنەوە بۆ چەمچەماڵ، هەریەک لە ناحیەکانی ئاغجەلەر، تەکیە، شۆڕش و 17 گوندی تر دابین دەکات.
تێچووی پرۆژەکە 114 ملیار دینارە، لە ئێستادا 20%ـی کارەکانی تەواو بووە ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکەش 2 ساڵە.
پرۆژەکە لە یەکەی وەرگری ئاو، یەکەی پەمپی ناوەند، یەکەی پاککەرەوەی ئاو لە ئاغجەلەر، یەکەی پەمپی قزڵاخ و یەکەی حەوزی ئاو لە تەکیە پێک دێت، هێڵی گواستنەوەی ئاو لە وەرگری ئاو تاکوو چەمچەماڵ 58 کیلۆمەتر دەبێت.
بە تەواوبوونی پرۆژەکە کێشەی دەیان ساڵەی ئاو لە دەڤەرەکەدا بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری