بەهۆی سیستەمی نوێی هاتوچۆو و کامێرای تیژڕۆیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییان بەراورد بە ساڵانی پێشوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ساڵانە ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیانی گیانی و ماددیی زۆریان لێدەکەوێتەوە. بەڵام ئەمساڵ ئامارەکانی ڕووداو و قوربانییانی هاتوچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی 2018 و ساڵانی دواتر، بەجۆرێک کە:
- لە ساڵی 2018، لە هەولێر 1332 ڕووداوی هاتوچۆ و 256 قوربانی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2025 ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە بۆ 346 ڕووداو و 53 قوربانی.
- لە دهۆک ڕووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییان لە 1091 ڕووداو و 117 قوربانی کەم بووەتەوە بۆ 457 ڕووداو و 56 قوربانی.
- لە سلێمانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییان لە 1158 ڕووداو و 185 قوربانی کەم بووەتەوە بۆ 678 ڕووداو و 126 قوربانی.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان چەندین ڕووداوی هاتوچۆ بە هۆکاری جیاجیای تیژڕۆیی و بەکارهێنانی مۆبایل و خراپیی شێوازی شۆفێریکردن لەلایەن شۆفێرانەوە ڕوودەدەن؛ کە هەندێکجار دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان؛ بۆیە بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، لە پێناو خزمەتکردن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی ستراتیژیی بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدان جێبەجێ کردووە، لەوانە:
- نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێگاوبان
- دانانی کامێراکانی تیژڕۆیی
- دانان و دروستکردنی پردی سەلامەتی بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییان.
- هێڵکاریی شەقامەکان
- چاکسازی لە سیستەمی مۆڵەتی شۆفێری
بەهۆی ئەم ڕێکارانەوە ئامارەکانی ڕووداو و قوربانییانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ کە ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ 50% و ڕێژەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەخت 60%، بەراورد بە ساڵی 2018 کەم بووەتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری