Skip to the content

هەولێر باشترین وێستگەی گەشتیارییە لە ئاسیا بۆ ساڵی 2026

بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی گۆڤاری گەشتیاریی کۆندی ناست تراڤێلەر- Condé Nast Traveler، شارى هەولێر وەک باشترین شوێنی گەشتیاری لە ئاسیا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دیاری کراوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە هەولێر توانیویەتی ببێتە "خاڵێکی ئارام لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا" و تێکەڵەیەکی ناوازە لەنێوان مێژووی دێرین و ژیانی مۆدێرن پێشکەش دەکات.

لە هۆکارەکانی ئەم هەڵبژاردنەدا، گۆڤارەکە تیشکی خستووەتە سەر قەڵای دێرینی هەولێر، کەشوهەوای میواندۆستیی دانیشتووانەکەی و گەشەسەندنی خێرای شارەکە بە کردنەوەی براندە جیهانییەکان وەک (Gordon Ramsay’s Street Burger) و پڕۆژە گەشتیارییەکان. هەروەها دەستپێشخەریی "Visit Kurdistan" بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کردووە بۆ ناساندنی زیاتری هەرێمەکە بە جیهان. ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەماى کۆمەڵێک خاڵی ئەرێنی، شارەکەى دیارى کردووە، کە بریتین لە:

١. سەقامگیری و ئاسایش
ڕاپۆرتەکە هەولێری بە "شوێنێکی ئارام لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا" وەسف کردووە. ئاماژەی بەوە کردووە کە شارەکە سەرکەوتوو بووە لەوەی خۆی وەک پەناگەیەکی سەقامگیر و ئارام نیشان بدات، دوور لەو ناونیشانە سیاسییە گەرمانەی کە زۆرجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیسترێن.

٢. مێژوو و کەلەپوور (قەڵا)
ستایشی قەڵای هەولێری کردووە (کە لە لیستی یونسکۆدایە)، وەک کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوون لە جیهاندا کە ژیان تێیدا بەردەوامە بۆ زیاتر لە ٦٠٠٠ ساڵ. وێنەیەکی جوانی بۆ ئەزموونی گەشتیاران کێشاوە: "خواردنەوەی چای شیرین لەژێر دیوارە دێرینەکانی قەڵادا، لەگەڵ پیاوانێک کە جلی کوردییان لەبەردایە".

٣. نوێگەری و گەشەسەندنی شار
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە دیمەنی بەرزکەرەوەکان (kren) و پڕۆژەکانی بیناسازی کردووە وەک بەڵگەیەک بۆ پێشکەوتنی خێرا، بەتایبەتی پڕۆژەی "ئەڤێنیو" (Erbil Avenue). هاوکات باس لە هاتنی مارکە جیهانییەکان دەکات وەک ڕێستۆرانتی Gordon Ramsay’s Street Burger و کافێی وەک EL&N London، کە ڕووە مۆدێرنەکەی شارەکە نیشان دەدەن کە هاوشانی شارە جیهانییەکانە.

٤. ژیانی کۆمەڵایەتی و میوانداری
بە گەرمی ستایشی میوانداری و بەخشندەیی خەڵکی ناوچەکەی کردووە و پێشوازییان لە گەشتیاران بە "گەرم و ڕاستەقینە" وەسف کردووە. تیشکی خستووەتە سەر ناوچەی عەنکاوە وەک ناوەندێک بۆ ژیانی شەوانە و کاتبەسەربردن، کە گەشتیاران دەتوانن چێژ لە مۆسیقای زیندوو و کەشێکی کۆمەڵایەتیی کراوە وەربگرن.

٥. دەستپێشخەریی "Visit Kurdistan"
ڕاپۆرتەکە دامەزراندنی دەستپێشخەریی "Visit Kurdistan" لە ساڵی ٢٠٢٥ (کە دەستپێشخەریی کەرتی تایبەتە بە پشتیوانی حکومەت) بە هەنگاوێکی ستراتیژیی گەورە دەزانێت، کە ئامانجی ڕاکێشانی ٢٠ ملیۆن گەشتیارە تا ساڵی ٢٠٣٠.

ڕاپۆرتەکە هەولێر وەک شارێک دەبینێت کە چیرۆکی خۆی نووسیوەتەوە، لە شارێکی دێرینی مێژووییەوە بۆ شوێنێکی مۆدێرن کە بە دڵێکی کراوەوە پێشوازی لە جیهان دەکات.

گۆڤارى کۆندی ناست تراڤێلەر- Condé Nast Traveler لەلایەن کۆمپانیای گەورەى میدیایی جیهانیی Condé Nastـەوە بڵاو دەکرێتەوە، ئەم کۆمپانیایە هەمان ئەو کۆمپانیایەیە کە خاوەنی گۆڤارە بەناوبانگەکانی وەک Vogue بۆ مۆدە وVanity Fair بۆ ڕۆشنبیری و سیاسەت و GQ بۆ پیاوان و The New Yorkerـە. واتە دامەزراوەیەکی میدیایی دەستەبژێران و ئاستبەرزە.

لە ساڵی ١٩٨٧ لە ئەمریکا دامەزراوە و ئێستا چەندین چاپی هەیە لە وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

خەڵاتەکانی ئەم گۆڤارە وەک (Readers' Choice Awards) بە یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی سەرکەوتن دادەنرێن بۆ هۆتێلەکان، هێڵە ئاسمانییەکان و شارە گەشتیارییەکان.

جێی باسە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری و فرەچەشنکردنی داهات، پرۆژەی گەورە و گرنگی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە، ئەمەش ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان ڕادەکێشێت.

بۆ بینینی ڕاپۆرتی گۆڤارەکە: کلیک بکە

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری