Skip to the content

نەخۆشخانەی شۆرەش-هێتیت بە 100 تەخت و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە خرایە خزمەت هاووڵاتییان

ڕۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی (شۆرەش-هێتیت)ی گشتیی لە شارەدێی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگەی دهۆک، كردەوە.
نەخۆشخانەکە 4 نهۆمە و 100 تەخت لەخۆ دەگرێت، بە ڕووبەری 43 هەزار مەتردووجا و بە گوژمەی 43 ملیۆن دۆلار، دروست کراوە.
نەخۆشخانەكە لە بەشەکانی فریاکەوتنی خێرا، 6 هۆڵی نەشتەرگەری، شوشتنی گورچیلە و تیشکی مەمک، سۆنار و تاقیگە، منداڵبوون و چاودێریی منداڵان، چاودێریی چڕ، وردبینی، هەناوبینی و چارەسەری سروشتی پێکدێت؛ زیاتر لە 250 هەزار هاووڵاتیی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی بەرچاوی بە کەرتی تەندروستی داوە و لەم چوارچێوەیەدا، 67 نەخۆشخانە و 31 سەنتەری پسپۆڕیی نوێ کراونەتەوە، هەروەها 8 نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە و شیاندنەوەی تووشبوانی ماددەی هۆشبەر دروست کراون و بە دەیان ئامێری ستراتیجیی پزیشکی لە ناوچە جیاوازەکان دابینکراوە، لە پیناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری