زیاتر لە نیو ملیۆن مووچەخۆر لە ڕێگەی "هەژماری من"ــهوه مووچەکانیان وەردەگرن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) – وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 500,000 مووچەخۆر مووچەی مانگی حەوت بەشێوەیەکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری من وەردەگرن.
جێگەی باسە کە ئەم پڕۆسەیە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر ئەزموونی خانەنشینان بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە دەستییان بگات بە مووچەکانیان، و لەم مانگەدا ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کە مووچەکانیان بە هەژماری من وەردەگرن لە 20,000 زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 45,000 خانەنشین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
خشتەی 1: ژمارەی فەرمانبەران کە بەدیجیتاڵی مووچەی مانگی حەوت وەردەگرن بەپێی پارێزگا
پارێزگا |
سوودمەندان لە فەرمانبەرانی حکومی |
هەولێر |
274,000 |
سلێمانی |
83,000 |
دهۆک |
144,500 |
کۆی گشتی |
501,500 |
تا ئێستا، زیاتر لە 900,000 مووچەخۆر خۆیان تۆمار کردووە لە پڕۆژەی هەژماری من. جێگای باسە کە لەچوارچێوەی پرۆژەکە زیاتر لە 450 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن.
پڕۆژەی هەژماری من، کە دەستپێشخەرییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندرا، وەک بەشێک لە بەرنامەی کابینەی حکومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی www.myaccount.gov.krd بکەن، یاخود پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری هەژماری من بە ژمارە 1991.