Skip to the content

نزیکەی 550 هەزار مووچەخۆر و خانەنشین لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) – وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیێنێت کە نزیکەی 550,000 مووچەخۆری مەدەنی و خانەنشین مووچەی مانگی هەشت بەشێوەیەکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری من وەردەگرن.

جێگەی باسە کە ئەم پڕۆسەیە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر ئەزموونی خانەنشینان بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە دەستییان بگات بە مووچەکانیان، و لەم مانگەدا ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کە مووچەکانیان بە هەژماری من وەردەگرن زیاترە لە 60,000 خانەنشین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

خشتەی 1: ژمارەی فەرمانبەران کە بەدیجیتاڵی مووچەی مانگی هەشت وەردەگرن بەپێی پارێزگا

پارێزگا

سوودمەندان لە فەرمانبەرانی حکومی

هەولێر

287,195

سلێمانی

106,450

دهۆک

153,120

کۆی گشتی

546,765

تا ئێستا، زیاتر لە 900,000 مووچەخۆر خۆیان تۆمار کردووە لە پڕۆژەی هەژماری من. جێگای باسە کە لەچوارچێوەی پرۆژەکە زیاتر لە 490 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن.

 پڕۆژەی هەژماری من، کە دەستپێشخەرییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران،  لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندرا، وەک بەشێک لە بەرنامەی کابینەی حکومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

 بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانن سەردانی www.myaccount.gov.krd بکەن، یاخود پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی هەژماری من بە ژمارە 1991.