سبەی دواوادەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکە بێ بەرانبەر

پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک، لە 6ی ئایاری 2025 لە هەرێمی كوردستان، لە پارێزگای هەڵەبجە دەستی پێکرد و دواوادەی پڕكردنەوەی فۆرمەكەش سبەی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 تا كاتژمێر 12ی شەو دەبێت؛ تا ئێستاش لە كۆی ژمارەی گشتیی بەشداربووانی پسوولەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، كە 5 ملیۆن و 385 هەزار و 820 کەسە، 4 ملیۆن و 638 هەزار و 672کەس فۆرمەکەیان پڕ کردووەتەوە و تەنیا 747 هەزار و 148 کەس ماوە، کە هێشتا فۆرمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە.
ڕێژەی پڕکردنەوەی فۆرمە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
بە تێکڕا ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا فۆرمەکانیان پڕکردووەتەوە 86% بووە، ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتییانیش لە شارەكانی هەولێر: 88%، سلێمانی: 87%، دهۆک: 83% و هەڵەبجە: 89% بووە.
ئەو کەسانەشی تا ئێستا فۆرمەكەیان پڕ نەكردووەتەوە، چەند هۆكارێكی هەیە، ئەوانیش خۆی لە نەبوونی کارتی نیشتمانیی، بوونیان لە دەرەوەی وڵات، یان پشتگوێیان خستووە، یان نەشارەزان و توانای پڕکردنەوەی فۆرمەکەیان نییە، یان دوورەدەستن و دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پسولەی خۆراک لە شارەکانیان بکەن و فۆرمەکە پڕ بکەنەوە.
دابەشکردنی بەشەخۆراک و گۆڕانکارییەکان
لە ئێستادا، بەشی پێنجەمین بەشەخۆراک بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت لەسەر لیستی مانگی حەوت، بەڵام بەشەئاردی حەوتەم لەسەر لیستی نوێ دابەش دەکرێت و بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو، 8 ملیۆن و 847 هەزار و 750 کیلۆگرام ئارد لەسەر ئاستی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕاوە.
بڕیارە لە بەشی شەشەمی خۆراک، کە لەسەر لیستی مانگی هەشت دەبێت، بڕی کەمکردنەوەی کەلوپەلە خۆراکییەکان بەم شێوەیە بێت، بۆ هەر کەسێک، 3 کیلۆ برنج، لیترێك زەیت، کیلۆیەك شەکر، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ ئارینۆک و 400 گرام دۆشاو. دەبێت هاووڵاتییان ئاگاداری ئەوە بن، ئەو هاووڵاتییانەی بەشەخۆراکیان لێ دەبڕێت، ئەگەر دواتریش فۆرم پڕ بکەنەوە، قەرەبوو ناکرێنەوە و تەنیا لە مانگی داهاتوودا بەشەخۆراک و ئاردیان پێدەدرێت.
گۆڕانکاری لە خزمەتگوزارییەکان و بڕیارەکانی دوای 2ی ئەیلوول
دوای 2ی ئەیلوولی 2025، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەبێت بە پارە. هەر خێزانێک کە فۆرم پڕ بکاتەوە، بڕی یازدە هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بە ڕێگەی كارتی بانكی، ئەو پارەیە دەچێت بۆ بەغدا و تۆمار دەکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا ئەم پرۆسەیە بەبێ بەرانبەر بووە.
هەروەها، لەسەر بڕیاری بەغدا، دوای 2ی ئەیلوول، خزمەتگوزارییەکانی وەک گواستنەوە، زیادکردن و جیابوونەوەی خێزان، کارا دەبن. بۆ هەر یەکێک لەم خزمەتگوزارییانەش، بڕی سێ تا پێنج هەزار دینار بۆ هەر خێزانێک لە ڕێگەی كارتی بانكی وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش ڕاستەوخۆ بۆ بەغدا دەچێت.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، دووبارە داوا لە دامودەزگاکان دەکات ئاگاداری فەرمانبەرانیان بکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو فۆرمە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری