سیستەمی زانكۆلاین بۆ ماوەى 8 رۆژ بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا كرا

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی 9ی 2025، سیستەمی زانكۆلاین بۆ پڕۆسهی پێشکەشکردن بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی لینكی (www.regayzanko.com) كارا کرا و بۆ ماوەى 8 ڕۆژ بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى بەردەست دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، دهرچووان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕ بكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچووان دهبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).
ئەوەش ڕاگەیەندراوە، لەپێناو بەرژەوەندیی دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی لە ڕێگەى ڕێکارێکى تازەدا، دەرچووان کاتێک دەیانەوێت فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، پێویستە یەک ژمارە مۆبایل داخیل بکەن و پاشان کۆدى OTP لە ڕێگەى کورتەنامەوە بەدەست دەگات، زۆر گرنگە دەرچووان ژمارەى تەلەفۆنى خۆیان بەکار بهێنن و بەپێچەوانەوە ئەگەر هەر ژمارەتەلەفۆنێکى دیکە بەکار بهێنرێت لەڕووى یاساییەوە بەرپرسیار دەبن.
دهرچووانی پۆلی دوانزهى ئامادەیی دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکاریى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكان، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچووان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕ بکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نییە لە هەر هەڵەیەک لە کاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین، دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتاڕۆژەکانی زانکۆلاین.
بۆ ئەمساڵ (57980) دەرچووى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لە یەک کاتدا داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن، بەشێوەیەک (42257) دەرچوو لە بەشى زانستى، (13826) دەرچوو لە بەشى وێژەیی، (1327) دەرچووى ئامادەیی پیشەیی، (570) دەرچووى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، داواکارى بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنى (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) لە (16) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکەن.
هاوكات ئەمساڵ لە ئەنجامى هەماهەنگیی نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتى فیدراڵ، بڕیار دراوە بە دابینکردنى (400) کورسیی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەوەش دابینکردنى (400) کورسىی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکاران و قوتابییانى دوانزەى ئامادەیی ناوەڕاست و باشوورى عێراق. بۆ ئەم مەبەستە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان لە چەند رۆژى داهاتوو لە ڕێگەى لینکێکى تایبەت لە وێبسایتى زانکۆلاین دەتوانن داواکارى بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق پێشکەش بکەن.
لە کۆتاییدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبوونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە بە ناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکوو تاکەمینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى لە ڕێگەى سایت و پەیجى فەرمیی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک بەم ناونیشانە:
(www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).
فەرمانگەی میدیا و زانیاری