Skip to the content

شێخ محەمەد بن زاید، وەزیری دەوڵەتی وەك نێرده‌ی تايبه‌تى ئيمارات بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستنيشان كرد

شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، سه‌عيد موبارەك ئه‌لهاجرى، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تی وەك نێرده‌يه‌كى تايبه‌تى ئيمارات بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ هه‌رێمى كوردستان دەستنیشان كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە سەعید موبارەک ئەلهاجری، وەزیری دەوڵەت كرد، كە لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید، ده‌ستنيشان كراوە وەك نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ کاروباری ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
ناردنی نێردەیەکی تایبەت لەلایەن ئیماراتەوە، کە یەکێکە لە وڵاتە پێشكەوتووە ئابوورییەکانی ناوچەكە و جیهان، گرنگییەکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و نیشانەی متمانەی ئیماراتە بە ژینگەی وەبەرهێنان لە کوردستان و پەرەپێدانی پرۆژەی هاوبەش.
ئەم هەنگاوە، ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر، كە کارئاسانی بۆ کۆمپانیا ئیماراتییەکان دەکات بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و لە کەرتە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکەن. هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا زیاد دەکات و دەرفەتی نوێ بۆ هەناردە و هاوردە دەڕەخسێنێت.
ئەم هەنگاوە نوێیە نیشانەیەکی ڕوونی بەهێزیی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوولایە و کردنەوەی دەروازەیەکی نوێیە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەکان پتەوتر دەکات و هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات وەردەگرێت، لە پەرەپێدانی زیاتر و بەهێزتركردنی ژێرخانی ئابووری.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری