وتەبێژی حکومەتی هەرێم: هەموو پابەندییەکمان جێبەجێ کردووە و کاتییەتی حکومەتی فیدراڵ مووچەکان بنێرێ

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ـڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە حکومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی 7 و مانگەکانی تری هەرێمی کوردستان بنێرێ.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ٤۸ کاتژمێر دراوەتە وەزیری نەوتی عێراق، بۆ ئەوەی بابەتی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت، ڕازی بوون بەوەی بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەرداری ئەو بابەتە بوون کە بە یاسا بیانییەکان مافی ئەوان پارێزراو بێت.
دەشڵێ: حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی کردووە کە بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بکات. پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوت، مووچەی مانگی ۷ و مانگەکانی دواتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ئاماژەی بەوەش داوە: لە بنەڕەتی بابەتدا، هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان و تەنها یاساکانی بودجە و یاسای کارگێڕیی دارایی و دەستوور ببنە ناوبژیوان، ئەوا یەک هۆکاریش نامێنێت بۆ خەرجکردنی موچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردوون و نەناردنی مووچە بێ پاساوە!
لەبارەی نەوتیشەوە دەڵێ: ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبوونەوە چووە و ڕۆژانە بڕی ۲۳۳ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێت، دەستپێکردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لە خزمەت دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
هەموو هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە کە هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت.
لە کۆتاییشدا دەڵێ: لە بابەتی داهاتی ناوخۆش، یاسا چی بۆ ئێمە دیاری کردووە، پێوەی پابەندین دەبین، بێ زیاد و کەم.