Skip to the content

7 ملیۆن دار لە دەوروبەری هەولێر؛ ستراتیژێكی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا

لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا، لە پارێزگای هەولێر، پرۆژەی "پشتێنەی سەوزاییی هەولێر" دەستی پێکردووە و بەشێکە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر و بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەوروبەری شارەکە جێبەجێ دەکرێت. پرۆژەكە کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر ژینگە و کوالێتیی ژیانی دانیشتووان دەبێت.
پرۆژەكە بریتییە لە چاندنی 7 ملیۆن داری زەیتوون و فستەق، ئەم پرۆژەیە بەشێوەی بازنەیی لە دەرەوەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر دروست دەکرێت، پانتایی پرۆژەکە 2 کیلۆمەترە و بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پرۆژەیە، 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو لەناو پرۆژەكەدا دروست دەکرێن.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، ساڵانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 140 هەزار بۆ 210 هەزار تۆن لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن (CO2)، لە هەوای شاری هەولێردا. هەروەها، پرۆژەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی جۆرەکانی دیکەی گازی زیانبەخش لە هەوای شارەكەدا دەبێت.
زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، کەشوهەوای شارەکە پاکتر دەکاتەوە و مەترسییەکانی گازی ژەهراوی کەم دەکاتەوە، هاوکات، مەترسیی بەبیابانبوون و خۆڵبارین کەمتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دابەزاندنی پلەکانی گەرما لە شاری هەولێر، بەمەش کوالێتیی ژیان بەگشتی باشتر دەبێت.
لەڕووی ئابووریشەوە، چاندنی 7 ملیۆن داری زەیتوون و فستەق، سوودێكی ئابووریی گەورەی دەبێت. ئەم پرۆژەیە سەدان هەلی کار دەڕەخسێنێت و بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی زیاد دەکات، بەمەش پشتیوانی لە ئابووریی ناوچەکە دەکات.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری