Skip to the content

بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تاوان و ڕووماڵكردنی ڕاستەوخۆ قەدەغە كرا

لە گشتاندنێكی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە بۆ گشت میدیا بینراو و بیستراوەكان نێردراوە، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تاوان و تۆمەتباران و ڕووماڵكردنی ڕاستەوخۆی تاوانەكان قەدەغە كراوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە: پیشاندانی تۆمەتبار و شوێن و كاتی ئەنجامدانی شەڕ و تاوانەكان، لە ڕووی یاساییەوە كاریگەریی گەورەی لەسە ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە دەبێت، لە هەمان كاتدا كاریگەریی لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتی و دەروونیی خەڵك هەیە، ئەوەش كێشەی خێزانی و ناوچەیی و نەتەوەیی دروست دەكات، چونكە خەڵكانێك ئەو بابەتانە بۆ بەكارهێنانی سیاسی و هاندان و دووبەرەكی و ئاژاوە دەقۆزنەوە.
لە نووسراوەكەدا ئەوەش هاتووە: داوا لە گشت میدیا بینراو و بیستراوەكان و ڕایەڵەكانیان دەكەین، بە هیچ شێوەیەك وێنە و ڤیدیۆی هیچ ڕووداوێكی تاوان و شەڕێك بڵاو نەكەنەوە، هەروەها ڕووماڵی ڕاستەوخۆی شوێنی ڕووداو قەدەغەیە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری