Skip to the content

شوێنەواری حەمامی فاتیمەخان لە سلێمانی زیندوو دەکرێتەوە

شوێنەواری حەمامی فاتیمەخان لە سلێمانی زیندوو دەکرێتەوە، کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 200 ساڵ لەمەوبەر و بۆ سەردەمی دەسەڵاتی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە.

فاتیمەخانی دایکی سلێمان پاشای بابان و خێزانی عەبدولڕەحمان پاشای بابان، حەمامەکەی دروست کردووە.

د. زریان حاجی، سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "وەکوو بەشی شوێنەوار لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەداین بتوانین ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەوار بەشێوەیەکی زانستی و ورد بپارێزین".

گوتیشی:" تیمێکی پیشەیی لە مامۆستایانی بەشی شوێنەوار و دەرچووانی بەشی شوێنەوار کەوتینە کارکردن لەم پرۆژەیە، شوێنەکە زەوییەکی تەخت بوو، چەندین چینی قیڕ و کۆنکرێتی لەسەر بووە، ئەمە هەمووی لابراوە تاکوو حەمامەکە دەرکەوێتەوە و کاری لەسەر بکەین".

جێی باسە، ئەو حەمامە، دوای تێپەڕینی 71 ساڵ لە لەکارکەوتنی و داپۆشینی بە خاک و خۆڵ، هێشتا لەناو نەچووە و دەبێتە شوێنەوارێکی بەرچاو.

د. مەهدی جەلال، شوێنەوارناس، لە بارەی حەمامی فاتیمەخانەوە گوتی: "لە چاڵی یەکەمدا توانیمان بگەین بە پاشماوەکانی دیواری حەمامەكە و تاکوو ئێستا نزیکەی 80 بۆ 90 ڕۆژ کاری هەڵکۆڵینمان تێدا کردووە؛ لە ئەنجامی پشکنینێکی ورد توانیمان بگەینە تەواوی بەشەکانی حەمامی فاتیمەخان کە لە سێ بەش پێکهاتووە: بەشی ساردی، بەشی گەرمی و بەشی ئاوگەرمکردن کە پێی دەگوترێت جەهەنەمی".

لە حەمامی فاتیمەخاندا کۆمەڵێک پارچەی کانزاییش دۆزراونەتەوە، وەک گوارە و ئەنگوستیلە چەند پارچە زێڕێکی ئەو خاتوونانەی، کە لە کۆندا لەو حەمامە خۆیان شوشتووە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری