فەرمانگەی میدیا و زانیاری وەشانێكی نوێی "پوختەیەك لە پرۆژەكانی كابینەی 9 بە داتا"ی بڵاو كردەوە

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە شەفافییەت و بەردەستخستنی زانیاری، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەشانی دووەمی نامیلكەی "پوختەیەك لە پرۆژەكانی كابینەی 9 بە داتا"ی بڵاو كردەوە، كە بەشێوەیەكی ورد، دوازانیاریی پرۆژە و كار و خزمەتەكانی كابینەی نۆیەمی تێدا خراوەتە ڕوو.
لە نامیلكەكەدا، داتای سەرجەم پرۆژە گرنگەکان لە سێكتەرەكانی: ئاسایشی ئاو، ئاسایشی خۆراك و پیشەسازی، ژێرخانی ڕێگەوبان و ئاوەدانی، چاكسازی، ژێرخانی كارەبا، پرۆژەكانی "ڕووناكی و هەژماری من"، وەبەرهێنان، خزمەتگوزاریی گشتی (پەروەردە و خوێندن و تەندروستی)، ژێرخانی دیجیتاڵی، هەلی كار، ژینگە، كۆمەڵگە و حكومەت و پەیوەندییە دەرەكییەكان، خراونەتە ڕوو.
ئەم نامیلکەیە گرنگی دەدات بە گرنگترین پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە هەموو سێکتەرەکاندا.
جێگای ئاماژەیە کە حکومەت گرنگییەکی زۆری بە ژێرخانی ڕێگاوبان و پردەکان داوە و پڕۆژەی گەورەی لە بواری ئاسایشی ئاو و خۆراکدا بنیات ناوە، وەک بەنداو و پۆند، سایلۆ.
هەروەها حکومەت چاکسازیی کارگێڕی و دارایی ئەنجام داوە، هێزەکانی پێشمەرگەی ڕێک خستووەتەوە و ئەنجومەنی ڕاژەی لە هەرێم دامەزراندووە.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەت گرنگییەکی زۆری بە ژێرخانی دیجیتاڵی داوە و دەیان پڕۆژەی لەم بوارەدا جێبەجێ کردووە، وەک پڕۆژەی (هەژماری من)، هەروەها بانکی نیشتمانیی حکومیی بە سەرمایەی ٢٥٠ ملیار دینار دامەزراند.
بۆ یەکەمجار لە هەرێم و عێراقدا، پڕۆژەی "ڕووناکی" ئەنجام درا، کە پڕۆژەیەکە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ خەڵکی کوردستان دابین دەکات.
لە سێکتەری وەبەرهێناندا، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە سەرمایەی ٢٤ ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە، بە جۆرێک ژمارەی پڕۆژە وەبەرهێنراوەکان گەیشتووەتە ٥٩٦ پڕۆژە لە بوارە جیاجیاکاندا.
وەشانی دیجیتاڵیی نامیلکەی "پوختەیەك لە پرۆژەكانی كابینەی 9 بە داتا" لە ماڵپەری فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (Gov.krd) بەردەستە؛ هاووڵاتییان، ڕۆژنامەنووسان و میدیاكان دەتوانن بەشێوەیەكی ئاسان بەدەستی بخەن.
بۆ خوێندنەوە؛ کرتە بکە
فەرمانگەی میدیا و زانیاری