لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتووترین و داپەروەرترین سیستەمی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 پیادە دەکرێ

ئامادەکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ڕێگەی پەڕەی سۆما و سیستەمی پێشکەوتووی چاودێری و پشکنینەوە، دۆخێکی دادپەروەرانەی بۆ قوتابییان هێناوەتە کایەوە.
ئەو سیستەمەی وەزارەتی پەروەردە جێبەجێی دەکات، ڕێوشوێنێکی پتەوە بە مەبەستی پاراستنی ماف و دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ قوتابییان، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی گزیکردن و دزەکردن لە تاقیکردنەوەکان نەمێنێت.
بە شێوەیەکی پیشەیی و نهێنیپارێزی، کەس نازانێت پەڕەی تاقیکردنەوەکان چ پرسیارێکی لەخۆ گرتووە؛ تا ئەو ساتەی دەیان هەزار قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا و بۆ یەکەمجار پرسیاری تاقیکردنەوەکانیان دەبینن.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەدە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "پرسیارەکان لە دەستێکی پارێزراودایە لە وەزارەتی پەروەردە لە لای لیژنەی باڵای ئەزموونەکان، تاکوو شەوی تاقیکردنەوەکان لەلایەن نوێنەری هەر پارێزگایەک و بەڕێوەبەری کاروباری تەکنیکی، نوێنەری وەزارەتی پەروەردە لەگەڵیان دەنێردرێن، پۆلیس و ئاسایش هاوکارییان دەبێت، تاکوو پرسیارەکان دەگاتە پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان".
گوتیشی: "پەڕەی سۆما و شێوازی دانانی پرسیارەکان بە سیستەمی (A-Z) 26 جۆری جیاواز ڕێک دەخات، کە هیچ قوتابییەک ناتوانێت لە چواردەوری خۆی کەڵک وەربگرێت.
لەلایەکی تر قوتابی هەیە گومان دەکات و دەڵێت ئەمە نمرەی خۆم نیە، پێشتر دەبوو پەڵپ بگرێت و لیژنەی بۆ دانرێ، بەڵام ئێستا پەڕەی وەڵامەکانی پیشان دەدرێتەوە و دەزانێ چۆن وەڵامی داوەتەوە".
هاوکات میکانیزمێکی تەواو پارێزراو بۆ قوتابییان دەستەبەر کراوە و ڕێکخەرانی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان لەگەڵ تیمە تەکنیکییەکان هاوکار دەبن بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە پێی بەرنامەی داڕێژراو، پاراستنی پرسیارەکان و ئامادەکاریی هۆڵەکان.
ژمارەی قوتابییانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە بۆ ساڵی 2024-2025، لە خولی یەکەم بریتی بوون لە 115 هەزار و 778 قوتابی؛کە دابەش کراون بەسەر 2 هەزار و 17 هۆڵی تاقیکردنەوە، ژمارەی قوتابییان لە هەر یەک لە بەشەکان بریتی بوون لە، 84 هەزار و 297 قوتابیی زانستی، 28 هەزار و 865 قوتابیی وێژەیی، 2 هەزار و 624 قوتابی لە بەشی پیشەیی.
ژمارەی قوتابییان لە هۆڵی ئەزموونی تاقیکردنەوەی بەرایی بۆ ساڵی 2024-2025، بریتی بوو لە 23 هەزار و 867 قوتابی کە دابەش دەبوون بەسەر 449 هۆڵی تاقیکردنەوە.
لە بارەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بەشێک لە قوتابییان سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە دەکەن و دەڵێن: "تاکوو ئێستا تاقیکردنەوەکان بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە چوون و هەموو شتێکمان بۆ دابین کراوە".
لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و هێزە ئەمنییەکان چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرسیارەکان و ئەگەری دزەکردن دەکرێت، کە ساڵانە چەندین کەس دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، فرۆشتنی پرسیار و دروستکردنی دوودڵی و بازاڕسازی بۆ مامەڵە بە پرسیارەکان و بەکارهێنانی ئامێری بیستۆک دەنگۆیەکی ساڵانەیە کە لە ڕاستیدا بوونی نییە.
بەپێی ڕێنماییەکان، لە کاتی تاقیکردنەوەکان و پاش تەواوبوونیشیان هیچ کەسێک مافی نییە پرسیارەکان وێنە بگرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکاتەوە.
کۆدی تایبەت لەسەر هەموو پرسیارێک دانراوە و بڵاوبوونەوەی هەر پرسیارێک لە پاش تاقیکردنەوەکانیش خاوەنی پرسیارەکە و بەرپرسی ناوەندەکەش ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە و سزا دەدرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری