Skip to the content

لە ساڵی 2005ـەوە تا 2025؛ عێراق بە چەندین بەربەستی دارایی پشکی هەرێمی کوردستانی کەم کردووەتەوە

داتا داراییەکانی بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا (2005-2025)، بوونی هەڵەیەکی گەورە و سیستماتیک دەسەلمێنن، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە.

حکومەتی فیدراڵی عێراق لە ڕێگەی فراوانکردنی بێ پێشینەی "خەرجییە سیادییەکان" و جێبەجێکردنی میکانیزمی "خەرجیی فیعلی"، شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی لە مافێکی جێگیرەوە بۆ تەنها ژمارەیەک لەسەر کاغەز گۆڕیوە.

فراوانبوونی "چەقۆی سیادی" و کەمکردنەوەی پشکی هەرێم
خەرجییە سیادییەکان کە لە ساڵی 2005دا تەنها لە چوارچێوەی (سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری) کورت دەبووەوە، لە بودجەی ساڵانی (2023-2025)دا زیاد کراون و گەیشتوونەتە نزیکەی 47.4 ترلیۆن دیناری ساڵانە.
ئەم گەورەبوونە لە ڕێگەی تێهەڵکێشکردنی چەندین بڕگەی قەبە وەک (تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بودجەی حەشدی شەعبی و قەرزەکان) بووە لەژێر ناوی "سیادی"، تەنها بۆ ئەوەی پێشوەختە و پێش گەیشتنی پارە بە هەرێم، لە پشکەکەی ببڕدرێت.
بەهۆی ئەم سیاستە، هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی 8.7 ترلیۆن دینار لە پشکی خۆی، بەشدارە لە دابینکردنی ئەو خەرجییانەدا.

دۆسیەی قەرزەکان؛ 26 بەرامبەر 1
لە دۆسیەی قەرزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا، ستەمێکی دارایی ئاشکرا بەرامبەر هەرێم دەکرێت. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە دانەوەی 1.6 ترلیۆن دینار ساڵانە وەک پشکی خۆی لە دانەوەی قەرزە سیادییەکانی عێراق، بەڵام لە بەرامبەردا تەنها 62.4 ملیار دینار لەو قەرزانە وەک پشک وەردەگرێت. بەمەش هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەر یەک دۆلار کە وەک قەرز وەریدەگرێت، بڕی 26 دۆلار بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دەدات کە حکومەتی فیدراڵ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرجی کردوون.

"خەرجیی فیعلی" و سزای بەکۆمەڵ
حکومەتی فیدراڵ بە چەسپاندنی میکانیزمی "خەرجیی فیعلی" لەبری "تەرخانکردنی پەسەندکراو"، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور. ئەمە سزایەکی داراییی بەکۆمەڵە، چونکە بەپێی ماددەی (121/سێیەم)ی دەستوور، پشکی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای "پێداویستی" و "ڕێژەی دانیشتووان" بێت، نەک لەسەر بنەمای ئەوەی وەزارەتەکانی بەغدا چەند پارە خەرج دەکەن. ئەم رێکارە وای کردووە هەر کاتێک پڕۆژەیەک لە شارەکانی دیکەی عێراق پەک بکەوێت، پشکی هەرێمیش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کەم بێتەوە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری