Skip to the content

مۆڵەتی نوێی شوفێری لە ئەپڵیکەیشنی KRDPass بەردەست کرا

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن کۆپیی دیجیتاڵیی مۆڵەتی نوێی شوفێری لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (KRDPass)ـەوە ببینن و بەکاری بهێنن.
ئەپڵیکەیشنی KRDPass کە وەک دەروازەی نیشتمانیی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان کار دەکات، لە هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و iOS بەردەستە. هەڵگرانی مۆڵەتی نوێی شوفێری دەتوانن دوای نوێکردنەوەی (Update) ئەپڵیکەیشنەکە، لە بەشی "جزدان - Wallet" کۆپییەکی دیجیتاڵیی مۆڵەتەکەیان ببینن کە سەرجەم وردەکارییەکانی تێدایە.
ئەم هەنگاوە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ شوفێران فەراهەم دەکات؛ لەمەودوا لە کاتی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتوچۆدا، هاووڵاتییان دەتوانن کۆپییە دیجیتاڵییەکەی ناو ئەپڵیکەیشنەکە وەک بەڵگەیەکی فەرمی پیشان بدەن، ئەمەش کێشەی لەبیرچوون یان ونبوونی مۆڵەتە چارەسەر دەکات.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری