بە گوژمەی 135 ملیار دینار، 75%ـی کارەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای (ئێتیت - باعەدرێ) تەواو بووە
لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی ڕێگاوبان و ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگای (ئێتیت - باعەدرێ) لە سنووری پارێزگای دهۆک بە خێراییەکی بەرچاو جێبەجێ دەکرێت.
گرنگی و تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە: ئەم پڕۆژەیە کە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی دەڤەرەکە دادەنرێت، سەرەتای شاری دهۆک بە ناحیەی باعەدرێوە دەبەستێتەوە. درێژایی ڕێگاکە 26 کیلۆمەترە و بەسەر سێ قۆناغی سەرەکیدا دابەش بووە.
پێشکەوتنی کارەکان:
بەپێی دوایین ئامارەکان، کارەکانی پڕۆژەکە بە ڕێژەی 30% لە پێش ئەو کاتە دیاریکراوەن کە بۆی دانراوە، ئەمەش نیشانەی خێرایی و وردی لە جێبەجێکردنیدایە:
* ڕێژەی تەواوبوون: تا ئێستا 75%ـی کۆی گشتیی پڕۆژەکە بەکۆتا هاتووە.
* قۆناغی یەکەم: لە قۆناغی کۆتاییهاتندایە.
* قۆناغەکانی تر: کارکردن لە هەردوو قۆناغی دووەم و سێیەم بە چڕی و بە شێوەیەکی خێرا بەردەوامە.
پێکهاتەی ئەندازیاری و تێچوو: پڕۆژەکە بە گوژمەی 135 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و بڕبڕەی پشتی هاتوچۆی ناوچەکە دەبێت. بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی جەنجاڵی، پڕۆژەکە 10 ئۆڤەرپاس (پردی پەڕینەوە) و ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت، کە بە ستانداردە جیهانییەکان دروست دەکرێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژە ستراتیجییانەوە، ئامانجیەتی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی زیاتری کەرتی بازرگانی لە ناوچەکەدا بکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری