حکومەتی هەرێمی کوردستان 7 پرۆژەی ستراتیجیی بۆ پەرەپێدان و بەجیهانیبوونی زمانی کوردی ڕاگەیاند
ئەمڕۆ یەکشەممە (22ی شوباتی 2026)، لە ژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، حەوت پرۆژەی ستراتیجی و گرنگ بۆ گەشەپێدان، بەستانداردکردن و ناساندنی زمانی کوردی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕاگەیەندران.
ئەم پرۆژانە کە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمانی دایک، بریتین لە:
1. کوردی بە ئاسانی فێربوون: زنجیرە کتێب و ئەپڵیکەیشنێکی مۆدێرن کە بە 13 زمانی زیندووی جیهانی (7 زمانی ئەوروپی، 3 زمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ یەکەمجار بە زمانەکانی چینی، ژاپۆنی و کۆری) ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بیانییەکان بتوانن بە ئاسانی فێری زمانی کوردی ببن.
2. هەڵەبژێری کوردی: یەکەمین پاشکۆی نوسینی کوردی بۆ پرۆگرامەکانی (Microsoft Word و Excel) کە هاوکار دەبێت لە ڕاستکردنەوەی هەڵە ڕێنووسییەکان و یەکخستنی نووسینی کوردی.
3. سیستەمی تۆماری وشەکان: داتایەکی گەورەی زمانی کوردی کە زیاد لە 300 هەزار وشەی کۆ کردووەتەوە و لەسەر بنەمای مۆرفۆلۆژی و واتاسازی داڕێژراوە، کە دەبێتە بناغەیەک بۆ زیرەکیی دەستکرد لە زمانی کوردیدا.
4. سیستەمی تاقیکردنەوەی زمانی کوردی (K-IELTS): هاوشێوەی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان، ئەم سیستەمە بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی شارەزایی زمانی کوردییە بۆ بیانییەکان و ئەو کەسانەی پێویستیان بە بڕوانامەی فەرمی هەیە.
5. ئەلفوبێی کوردی بۆ منداڵان: پرۆژەیەکی پەروەردەیی نوێیە کە بە هاوکاریی ئەپڵیکەیشن و ئەنیمەیشن، منداڵانی قۆناغی بنەڕەتی فێری پیت و دەنگە کوردییەکان دەکات.
6. زنجیرەچیرۆکی منداڵان: کۆمەڵێک چیرۆکی نووسراو و بیستراو بۆ تەمەنە جیاوازەکان کە بە شێوازێکی هونەریی بەرز ئامادە کراون.
7. فەرهەنگی فرەڕەنگ: فەرهەنگێکی گشتگیر کە 31 بابەتی جیاوازی زانستی و ژیانی لەخۆ گرتووە و وەک سەرمایەیەکی وشەسازیی دەوڵەمەند بۆ کتێبخانەی کوردی دادەنرێت.
لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، فەریاد فازیل، نووسەر و زمانناس، تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم هەنگاوە و ڕایگەیاند: "ئێمە هەوڵمان داوە زمانی کوردی بکەینە خاوەن داتایەکی گەورە و لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بیگەیەنینە جیهان. ئەم پرۆژانە هەنگاوێکی مێژوویین بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە ئاستی زمانە ستانداردەکانی جیهاندا بێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە زمانی دایک ناسنامەی نەتەوەییە و پاراستنی ئەرکێکی لەپێشینەی کارەکانیانە، ئەم پرۆژانەش دەبنە بناغەیەکی بەهێز بۆ ئەوەی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بە شێوازێکی زانستی و سەردەمییانە لە زمانی کوردی تێبگەن و کاروباری ژیان و زانستی و کارگێڕیی خۆیانی پێ بەڕێوە ببەن.
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی پرۆژەکە بکەن: www.kurdi.krd
فەرمانگەی میدیا و زانیاری