حکومەتی هەرێمی کوردستان کاروانێکی نوێی کتێبی کوردیی ڕەوانەی وڵاتانی ئەورووپا کرد
لە چوارچێوەی بایەخدانی بەردەوامی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زمان و فەرهەنگی کوردی و پاڵپشتیکردنی قوتابییانی دیاسپۆرا، وەزارەتی پەروەردە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کاروانێکی تری کتێبی بۆ قوتابخانە کوردییەکانی دەرەوەی وڵات دابین کرد.
ڕۆژی سێشەممە، 3ی شوباتی 2026، لە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پەروەردە و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، 6 هەزار کتێبی زمانی کوردی بە شێوەزاری کرمانجی (پیتی لاتینی) بۆ ئاستەکانی یەکەم تا پێنجەمی بنەڕەتی چاپ و ئامادە کران.
ئەم کاروانە ڕەوانەی 14 قوتابخانەی کوردی لە وڵاتانی (ئەڵمانیا، سویسرا، نەمسا، دانیمارک و لۆکسمبۆرگ) کرا، تا وەک سەرچاوەی سەرەکیی خوێندن لەلایەن قوتابییانی کورد لەو وڵاتانە سوودی لێ ببینرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 25ی تشرینی یەکەمی 2025، لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا، 8 هەزار و 500 کتێبی کوردیی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی، بۆ قوتابخانە کوردییەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا ڕەوانە کردبوو.
ئەم دەستپێشخەرییانە بەشێکن لە ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەستنەوەی نەوەکانی کورد لە دیاسپۆرا بە زمان و کولتووری دایک، لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستییە تەکنیكی و زانستییەکانی خوێندن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری