Skip to the content

دوای 20 ساڵ، نەک هەر ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو لە دوای 2017ەوە شەپۆلێکی نوێی "تەعریبی ئیداری و کشتوکاڵی" دەستی پێکردووە

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان،ڕاپۆرتێکی گشتگیر و دۆکیومێنتاریی لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور بۆ ساڵانی (٢٠٠٥-٢٠٢٥) بڵاو کردەوە.

ڕاپۆرتەکە ئەو پێشێلکارییە یاسایی و مرۆییانە ئاشکرا دەکات، کە لەو ناوچانە بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدرێن.

ئامارەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

بەپێی راپۆرتەکە، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنیا گۆڕانکاریی سەربازی نەبوون، بەڵکوو کارەساتێکی مرۆیی و ئیدارییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەت لە قەزای دووزخورماتوو کە ئامارەکان بەم شێوەیەن:

  • زیانە مرۆییەکان: ١٥ شەهید و ١١٥ بریندار لە ریزی هاووڵاتیانی مەدەنی.
  • تاڵانکردن: ٣١٥٠ ماڵی هاووڵاتیانی کورد تاڵان کراون.
  • سووتاندن و تەقاندنەوە: ٥٣٠ خانوو و دوکانی کورد سووتێنراون یان تەقێنراونەتەوە، لەگەڵ سووتاندنی ٢١ کارگە و قوتابخانە.
  • ئاوارەبوون: زیاتر لە ٥٣ هەزار کەس لەو قەزایە ئاوارە بوون.

"تەعریبی سپی"؛ گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ڕێگەی ئیدارە و کشتوکاڵەوە

  • راپۆرتەکە ئاماژە بە ستراتیجێکی نوێ دەکات بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکان "تەعریبی ئیداری"، لەوانە:
  • داگیرکردنی پۆستەکان: گۆڕینی ١٠ پۆستی باڵای ئیداری لە کەرکووک و ١٠ پۆستی تر لە شەنگال کە پشکی کورد بوون و پێدانیان بە پێکهاتەکانی تر.
  • کێشەی زەوی و زار: زیندووکردنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی بەعس و هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەویی جوتیارانی کورد لە کەرکووک، داقووق و سەرگەڕان.
  • فۆرمی خۆراک و ناسنامە: هەوڵدان بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و ناسنامەی هەزاران خێزانی عەرەب بۆ ناو کەرکووک.

شکستی دارایی و بەڵێنە سیاسییەکان

راپۆرتەکە وردەکارییەکی دارایی دەخاتە ڕوو؛ هەرچەندە بڕیار بوو بودجەیەکی بەرچاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان تەرخان بکرێت، بەڵام:

  • لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٨ تا ٢٠٢١، حکومەتی عێراق "سفر" دیناری بۆ ئەم ماددەیە تەرخان کردووە.
  • کۆی ئەو پارەیەی لە ماوەی ٢٠ ساڵدا خەرج کراوە (٢.٠٨ تریلیۆن دینار)، بەراورد بە قەبارەی زیانەکان و ژمارەی ئەو ١١٨ هەزار دۆسیەیەی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوە دەکەن، زۆر کەمە.

ڕۆڵی نێودەوڵەتی و بڕیارە یاساییەکان

راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI) لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٧ چەندین پێشنیاز و راپۆرتیان هەبووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون. لە هەمان کاتدا، راپۆرتەکە جەخت لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ژمارە ١١٣ی ساڵی ٢٠١٧ و ٧١ی ساڵی ٢٠١٩ دەکاتەوە، کە ڕێگرییان کرد لە هەوڵە یاساییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ١٤٠ و دووپاتیان کردەوە کە ماددەکە تا جێبەجێکردنی دوا قۆناغی (راپرسی) بەزیندوویی دەمێنێتەوە.

ئەم ڕاپۆرتەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەیسەلمێنێت کە ماددەی ١٤٠ تەنیا دەقێکی دەستووری نییە، بەڵکوو کێشەی نیشتەجێبوون، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەییە.

 

فەرمانگەى میدیا و زانیاری