Skip to the content

عێراق 384 ملیار دۆلار قەرزباری گەلی کوردستانە و تا ئێستا قەرەبووی نەکردووەتەوە

گەلی کوردستان بە درێژایی دەیان ساڵ لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی پێشووی عێراقدا، ڕووبەڕووی زنجیرەیەک تاوانی کۆمەڵکوژی، ڕاگواستن و سڕینەوەی ناسنامە بووەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان و خەمڵاندنە داراییەکان، قەبارەی ئەو زیانانەی بەر هەرێمی کوردستان کەوتوون، بە سەدان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن، کە تاوەکوو ئێستاش حکومەتی فیدراڵ پابەندبوونی خۆی بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییان جێبەجێ نەکردووە.

وێستگە خوێناوییەکانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو:
1. کوردانی فەیلی (1970): لە هەڵمەتێکی ڕەگەزپەرستانەدا، نزیکەی 300 هەزار کوردی فەیلی بۆ ئێران ڕاگوێزران و 9 هەزار گەنجیشیان بێسەروشوێن کران، هاوکات تەواوی سەروەت و سامانیان لەلایەن ڕژێمەوە تاڵان کرا.
2. کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان (1983): 8 هەزار پیاو و گەنجی بارزانی لە بیابانەکانی خوارووی عێراق بە شێوەیەکی دڕندانە زیندەبەچاڵ کران.
3. کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسان (1987): ئەمە یەکەمین شاڵاوی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوو کە تێیدا 134 کەس شەهید بوون و 82 پیاویش دوای برینداربوونیان دەستگیر کران و دواتر زیندەبەچاڵ کران.
4. پرۆسەی ئەنفال (1988): گەورەترین تاوانی کۆمەڵکوژی بوو کە تێیدا 182 هەزار هاووڵاتیی بێتاوان بێسەروشوێن کران و 4500 گوندیش بە تەواوی خاپوور کران.
5. کارەساتی هەڵەبجە (16ی ئاداری 1988): لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانەوە شارەکە کیمیاباران کرا، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 5000 کەس و برینداربوونی 10 هەزار کەسی دیکە.

خەمڵاندنی زیانە داراییەکان:
بەپێی خەمڵاندنە زانستی و داراییەکان، قەبارەی ئەو زیانانەی بەر ژێرخانی مرۆیی و ماددیی هەرێمی کوردستان کەوتوون بەم شێوەیەیە:
* زیانی مرۆیی: زیاتر لە 306 ملیار دۆلار.
* زیانی ماددی: نزیکەی 33 ملیار دۆلار.
* زیانە ژینگەیی و ناڕاستەوخۆکان: 10 ملیار دۆلار.
* سیاسەتی پشتگوێخستنی بەئەنقەست: 30 ملیار دۆلار.
* تێچووی دووبارە ئاوەدانکردنەوە: 5 ملیار دۆلار.

پابەندبوونی دەستووری و بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدراڵ:
سەرباری ئەوەی لە ماددەکانی (112) و (132)ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا بە ڕوونی ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو و گەلی کوردستان بکاتەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر ڕووخانی ئەو ڕژێمەدا، تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانییان نەنراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵە یاسایی و دیپلۆماسییەکانی بۆ چەسپاندنی ئەم مافە دەستوورییانە و داوا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵ ئەرکی ئەخلاقی و یاساییی خۆیان بەرامبەر بەم دۆسیەیە جێبەجێ بکەن.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری