Skip to the content

پڕۆژەی ڕێگەی (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) بە گوژمەی 90 ملیار دینار لە قۆناغی جێبەجێکردندایە

لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگەی (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) بەردەوامە.

پڕۆژەکە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی ناوچەکە دادەنرێت و بە دەستی کاری ناوخۆیی و بە کوالێتییەکی بەرز جێبەجێ دەکرێت.
ئەم ڕێگەیە درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە و بە شێوازی دووساید (چوون و هاتن) دروست دەکرێت. بۆ ئاسانکاریی زیاتری هاتوچۆی شۆفێران و کەمکردنەوەی جەنجاڵی، 3 یەکتربڕی مۆدێرن لەسەر ڕێگەکە بنیاد نراون.


بەشێکی سەرەکیی پڕۆژەکە پێک دێت لە هەردوو تونێلی (میراوە و ماوەران)، کە کارکردن تێیاندا بەردەوامە و بە شێوازێکی سەردەمییانە و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان تەواو دەکرێن. لە ئێستادا کارەکانی یەکێک لە سایدەکانی ڕێگەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە و کارکردن لە سایدی دووەمدا بە چڕی بەردەوامە.

گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە 90 ملیار دینارە. بەهۆی خێرایی لە بەڕێوەچوونی کارەکان و پابەندبوون بە پلانەکانەوە، چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان و گەشتیارانی ناوچەکە.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە توانای ناوخۆیی، ئاماژەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هێزی کار و کۆمپانیاکانی ناوخۆ لە پڕۆژە ستراتیجییەکاندا.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری