حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 وەرچەرخانێکی گەورەی لە کەرتی پەروەردەدا هێناوەتە کایەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی بە کەرتی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار، لە ساڵی 2025دا زنجیرەیەک هەنگاوی ستراتیجی و پڕۆژەی گرنگی لە بوارەکانی ژێرخان، تەکنەلۆجیا و گەڕاندنەوەی قوتابییان بۆ ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێ کردووە.
کورتەیەک لە کار و دەستکەوتەکانی ساڵی 2025 لە کەرتی پەروەردەدا:
1. زیادبوونی ژمارەی قوتابییان و گەڕاندنەوەیان بۆ خوێندن:
لە ساڵی 2025دا، 154,660 قوتابیی نوێ وەرگیراون، بەوەش کۆی گشتیی قوتابییان لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 1,827,572 قوتابی، کە لە 7,585 قوتابخانەدا درێژە بە خوێندن دەدەن. هەروەها لە هەڵمەتێکی نیشتمانیدا 8,836 قوتابی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن، کە بەمەش کۆی گشتیی قوتابییە گەڕێندراوەکان لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا گەیشتە 42,107 قوتابی.
2. شۆڕشی دیجیتاڵی لە پەروەردەدا:
بۆ ئاسانکاری و پێشخستنی ئاستی زانستی، پێنج پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی گرنگ ڕاگەیەندراون، کە بریتین لە:
* ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن)
* قوتابخانەی دیجیتاڵی
* بەدیجیتاڵکردنی وەرگێڕانی بڕوانامەکان
* پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی (قوتابخانەکەم)
* پلاتفۆرمی (بەراوردکاری) بۆ بەدواداچوونی ئاستی خوێندن.
3. ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی قوتابخانەکان: لە ڕووی بیناسازییەوە، لەم ساڵەدا 30 باڵەخانەی نوێی خوێندن دروست کراون و بەردی بناغە بۆ 30 باڵەخانەی دیکە دانراوە، هاوکات 43 قوتابخانەی جیاواز لە شار و شارۆچکەکان نۆژەن کراونەتەوە.
4. نوێگەری و وزەی پاک: لە چوارچێوەی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لە پۆلەکاندا، 200 تەختەی زیرەک (Smart Board) بۆ قوتابخانەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین کراوە. هەروەها بۆ پاراستنی ژینگە و دابینکردنی کارەبای بەردەوام، 32 قوتابخانەی دیکە سیستەمی وزەی خۆریان بۆ دامەزراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کارکردن بۆ ئەوەی کەرتی پەروەردە بکاتە بنەمایەکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ سەرجەم قوتابیان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری