Skip to the content

حکومەتی هەرێمی کوردستان 100 گەنجی دیکەی لە وڵاتی لیبیاوە گەڕاندەوە

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، لیژنەیەکی باڵا و هاوبەش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ - ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگییەکی چڕ و ورد لەگەڵ باڵیۆزخانەی کۆماری عێراقی فیدراڵ لە وڵاتی لیبیا، دوای کارکردنێکی زۆر و بەدواداچوونی ورد، سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی کاروانێکی دیکەی کۆچبەران.

رۆژی هەینی، ڕێکەوتی 23ی کانوونی دووەمی 2026، کاروانی پێنجەمی ئەو گەنجانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی لیبیا لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا دەستگیرکرابوون، بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. ژمارەی ئەو گەنجانەی لەم کاروانەدا گەیشتنەوە باوەشی نیشتمان پێکهاتبوون لە 100 گەنج، کە بەپێی ئامارەکان زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن. جێگەی ئاماژەیە کە پرۆسەکە بەردەوامە و بڕیار وایە کاروانی شەشەمیش لە رۆژانی داهاتوودا بگەنەوە وڵات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەرووی ئەم گەنجانە بووەوە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.

تاوەکوو ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 202 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە ئێستاشدا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لیبیان و بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی تری کە هێشتا لەوێ ماون و بارودۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری