لە ساڵی 2025 لە شاری هەولێر، زیاتر لە 116 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکان خەرج کراوە و ڕێژەی سەوزایی بەرز بووەتەوە
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماری چالاکی و پڕۆژەکانی ساڵی 2025ی بڵاو کردەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر گەشەپێدانی ژێرخانی پایتەخت و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی کراوەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لەو ساڵەدا 67 پڕۆژەی جۆراوجۆر بە گوژمەی زیاتر لە 116 ملیار دینار ئەنجام دراون.
لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ساڵی 2025 هەنگاوی گەورەی لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، ژینگەپارێزی و خزمەتگوزاریی شارستانی ناوە.
لە ساڵی ڕابردوودا، 67 پڕۆژەی جۆراوجۆر بە تێچووی 116 ملیار و 500 ملیۆن دینار جێبەجێ کراون. هاوکات بۆ ڕێکخستنی کەرتی بیناسازی و بازرگانی، 8 هەزار و 876 مۆڵەتی نیشتەجێبوون و 679 مۆڵەتی بازرگانی لەگەڵ 335 ڕێپێدان بە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران دراون.
شارەوانیی هەولێر گرنگییەکی تایبەتی بە لایەنی ژینگەیی داوە؛ بە جۆرێک کە 93 هەزار و 310 دار و 64 هەزار و 909 نەمام لە ناوچە جیاجیاکانی شارەکە چێندراون. بەمەش ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر بۆ 20.15% بەرز بووەتەوە. هەروەها لە بواری پاکوخاوێنیدا، زیاتر لە 683 هەزار تەن زبڵ و خاشاک بە تێچووی 1 ملیار و 92 ملیۆن دینار چارەسەر کراون.
لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان، 1 ملیۆن مەتر دووجا شەقام لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر قیرتاو کراوە، کە تێیدا 11 هەزار و 335 تەن قیڕی بەرهەمهێنراوی کارگەی شارەوانی بەکار هێنراوە.
ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە پلانی ستراتیجیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مۆدێرنکردنی سیمای شارەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە تێیدا کارگەکانی ناوخۆ و توانای ئەندازیاریی نیشتمانی ڕۆڵی سەرەکییان تێدا بینیوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری