Skip to the content

لە ساڵی 2025، پتر لە 1400 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کراون

لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە هەموو ناوچەکان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ساڵی 2025دا گەشەسەندنێکی گەورەی لە کەرتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا بەخۆوە بینیوە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، کۆی گشتیی ئەو پڕۆژانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاریان تێدا کراوە، گەیشتووەتە 1442 پڕۆژەی جۆراوجۆر. پڕۆژەکان سێکتەرە سەرەکییەکانی وەک (ڕێگەوبان، باڵەخانە، ئاو، کارەبا) و چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاریی گشتییان گرتووەتەوە.

لەبارەی ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، تا ئێستا 1099 پڕۆژە بەتەواوی کۆتایییان هاتووە و خراونەتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، هەروەها 343 پڕۆژەی تریش لە قۆناغی جێبەجێکردندان و کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

سەبارەت بە دابەشبوونی پڕۆژەکان، تەنها لە سەنتەری شاری سۆران 474 پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ کراون، کە ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر جوانترکردنی سیمای شار و باشترکردنی گوزەرانیی دانیشتووانەکەی هەبووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی پڕۆژەی نوێ لە هەموو کوردستان بەردەوام دەبێ، بە ئامانجی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو هاووڵاتییان.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری