Skip to the content

وەزارەتی پەروەردە سبەی وانەی یەکەم لە سەرجەم قوتابخانەکان بۆ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان تەرخان دەکات

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەرکرد و تێیدا هاتووە کە سبەی وانەی یەکەم تەرخان دەکرێت بۆ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە، کە ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاو کراوەتەوە، ئاراستەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی کراوە، کە سبەی لە کاتی دەسپێکی دەوامدا، وانەی یەکەم تەرخان بکرێت بۆ گوتنی وانەیەکی تایبەت بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان.

وەزارەتی پەروەردە ڕێنمایی داوەتە مامۆستایان کە لە ناو پۆلەکاندا جەخت لەسەر ئەم دوو تەوەرە سەرەکییە بکەنەوە:
١- خۆشەویستیی نیشتیمان: چاندنی ڕۆحی نیشتمانپەروەری لە لای قوتابیان و ناساندنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی.
٢- پەیامی ئاشتی و یەکڕیزی: دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە گەلی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و پێکەوەژیاندایە، بەڵام لە هەمان کاتدا دژی هەر جۆرە ستەم و هێرشێکە کە بکرێتە سەر بوون و وجودی نەتەوەیی و لە کاتی مەترسیدا وەک کورد هەمووان یەکدەنگ و یەکگرتوون.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە لە چوارچێوەی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ هاوسۆزی و پاڵپشتیکردن لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری