Skip to the content

پڕۆژەیەکی ستراتیجیی ڕێگەوبان لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت

لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژێرخانی ڕێگەوبان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی، کارەکانی پڕۆژەی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس لەسەر ڕێگای (خەبات - گوندک) لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوامە.

پڕۆژەکە لە ئۆڤەرپاسێک و ئەندەرپاسێک پێک هاتووە و بەپێی بەرزترین ستانداردە جیهانی و ئەندازەییەکان جێبەجێ دەکرێت.

ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی هاتوچۆیە لەسەر ئەو ڕێگەیە، هاوکات سیمایەکی مۆدێرن و شارستانی بە ڕێگاکە و دەڤەرەکە دەبەخشێت.

گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە 15 ملیار و 630 ملیۆن دینار و ئەوەی جێگەی بایەخە، تەواوی کارەکانی پڕۆژەکە بە دەستی کار و توانای ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت.

کابینەی نۆیەم لە ماوەی کارکردنی، پەرەپێدانی ڕێگەوبانەکانی وەک یەکێک لە کارە لەپێشینەکان داناوە، بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی کەرتی بازرگانی.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری