قوباد تاڵەبانی: شانازی بە حکومەتێکەوە دەکەم کە رۆژنامەنووسی بەندکراوی نەبێت
• قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی ٣٥ی كاری رۆژنامەگەری کردەوە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠١٩/١٢/١٥ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادە بوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە ھەولێر لەگەڵ نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی وسەندیكای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ، وشارەزاییانی بواری رۆژنامەگەری،كۆبووە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٣٥ی یاسای رۆژنامەگەری و یاسای دەستخستنی زانیاری کردەوە و داوایکرد لەمەودوا دەبێت هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر هەبێت لەنێوان دادگاکان و دەزگاکانی راگەیاندن، بۆ ئەوەی چیتر لە کوردستان هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر نەکرێت، چونکە لە یاسای کاری رۆژنامەگەریدا هیچ ئاماژەیەک بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان نەدراوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: باوەڕی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەگەریی هەیە و شانازیش بە حکومەتێکەوە دەکات کە هیچ رۆژنامەنووسێکی بەندکراوی نەبێت.
جێگری سەرۆك وەزیران داواشیکرد ئەو رێنماییەی کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان ئاراستەی دادگاکان کراوە کاراتر بکرێت و چیتر رێگە نەدرێت هیچ رۆژنامەنووسێک لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
دواتر ئامادەبووان سەرنج و تێبینی خۆیان خستە روو سەبارەت بە چۆنیەتی كاراتر كردنی یاسای كاری رۆژنامەگەری و بەربەستەكانی كاری رۆژنامەنووسان و گرنگی چارەسەر كردنییان.