Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: دەبێت لەڕێی پەروەردەوە کار بۆ هاوسەنگی جێندەری لە کوردستان بکەین

•قوباد تاڵەبانی: ئەگەر سیستمی کۆتا نەبێت ژمارەیەکی کەمی ژنان دەتوانن بچنە پەرلەمان و هێشتا وشیاری کۆمەڵایەتی بۆ پرسی یەکسانی جێندەری لاوازە

سلێمانی، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە سمیناری بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی رایگەیاند هێشتا لە کوردستان وشیاری کۆمەڵایەتی بەرامبەر پرسی یەکسانی جێندەری لاوازە و پێویستە لەڕێی پەروەردەوە کار بۆ هاوسەنگی جێندەری لە کوردستان بکەن و پێشنیاری كرد وانەی تایبەتی بۆ دابنرێت لە خوێندنگاكان.

لە سیمینارەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران باسی لەوە کرد سەرباری ئەوەی لە کوردستان بەراورد بە ناوچەکە یاسای باش و دامەزراوە و میدیای زۆری هەیە، کەچی هێشتا بەپێی ئامارەکان رێژەی توندوتیژی دژی ژنان بەرزە و هێشتا ئەگەر سیستمی کۆتا نەبێت ژمارەیەکی کەمی ژنان دەتوانن بچنە پەرلەمان و هێشتا وشیاری کۆمەڵایەتی بۆ پرسی یەکسانی جێندەری لاوازە.

جێگری سەرۆک وەزیران بەشێکی زۆری هۆکاری نا یەکسانی جێندەری بۆ لایەنی کلتور گەڕاندەوە کە دەبێت لەڕێی پەرەوردەوە ئەم خاڵە لاوازە کلتورییە راست بکرێتەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکرێت کە ئایا تا چەندە دروستە‌ پرسی یەکسانی جێندەری و هەندێک پرسی هاوشێوەی دیکەی وەک ژینگە پارێزی بکرێنە وانەی پەرەوەردەیی و هەر لە پۆلی یەکەمەوە لە خوێندنگاکاندا بخوێنرێن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی ئابوری سەربەخۆی ژناندا لە پرسی هاوسەنگی جێندەردا و رایگەیاند: دەبێت بە هەموو لایەکەوە بە حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هاندەر بن ژنان رۆڵی زیاتر ببینن لە بازاڕی کاردا.

لە درێژەی وتارەکەیدا جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە رۆڵی میدیا کرد و ئەو پرسیارەی وروژاند کە دەبێت میدیا و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت چی بکەن بۆ ئەوەی میدیا لە ئاست بابەتە جێندەرییەکان بەرپرسیارانەتر بجوڵێتەوە و پەیمانی شەرەفی کاری میدیایی لە کوردستاندا هەبێت.

قوباد تاڵەبانی داوای لە ژنان و رێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکانەی یارمەتیدەردەبن لە پێناو هاوسەنگی جێندەریدا و پشتگیری حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی هەر بیرۆکە و پڕۆژەیەک کە خزمەت بە یەکسانی جێندەری بکات.