قوباد تاڵەبانی رۆڵی كوردستانی خستەڕوو لە ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای نەینەوا
• قوباد تاڵەبانی: ئاسایش تەنها بەهێزە ئەمنییەكان دابین ناكرێت
• سەقامگیری نەینەوا بەشێكە لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان و هەولێر دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئاوەدانكردنەوەی.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لە دەستپێکی وتارەکەیدا كە لە دووەم ڕۆژی كۆڕبهندی نهینهوا بۆ وهبهرهێنان، ئەمڕۆ ٤ كانونی یەكەم پێشكەشی كرد، رایگەیاند: هەرێمی کوردستان شانازی بەوەوە دەکات بەشداربووە لە ئازادکردنی نەینەوادا و شانازیش دەکات کە پێشوازی ١.٥ ملیۆن ئاوارە کرد کە زۆربەیان خەڵکی نەینەوابوون و بەدوای پەناگە دەگەڕان و ئەوەشی خستەڕوو ئێستاش هەرێم ئامادەیە بەشداربێت لە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی نەینەواو هەولێر دەروازەیەكی گرنگە بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی نەینەوا.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو لە بنیاتنانەوەی ئەم پارێزگایەدا پێویستە قوربانی و بارگرانییەكانی سەر كوردستان بەهۆی ئاوارەكانەوە لەبەرچاو بگیرێت كە لە قۆناغێكی سەختی قەیراندا لە ٢٠١٤ دانیشتوانی كوردستانیان بەڕێژەی ٣٠% زیاتر كرد.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پێكهاتەكانی نەینەواو پاراستنی فرەیی لەم پارێزگایە و تاوانەکانی داعشی بەرامبەر ئێزدیی و مەسیحی وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند: پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و ئاینیی گروپ و كۆمەڵە جیاجیاكان ئەركی دەسەڵات و كۆمەڵگاكانە، وتیشی "گێڕانەوەی شوناسی كلتوریی جۆراوجۆری موسڵ دەبێت لە ڕیزی پێشەوەی گرنگیدانی حكومەتەكان بێت".
هەروەها جەختی كردەوە ئاسایش تەنها بەهێزە ئەمنییەكان دابین ناكرێت، ئەوان پێویستیان بە پاڵپشتی هاوڵاتیانی پارێزگاكە هەیە.
لەبارەی نەخشەڕێگای ئاوەدانكردنەوەی نەینەواوە قوباد تاڵەبانی بەپێویستی زانی هەنگاوەكان سەرەتا بە باشكردنی كارەبا، خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆكان دەست پێ بكات. پاشان بگوازرێتەوە بۆ پەرەپێدانی ئابووری لەپێناو ڕەخساندنی هەلی كار، هەروەها ئاسانكاریی بۆ وەبەرهێنان بكرێت و پشتیوانی كەرتی تایبەت بكرێت لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بیرۆكراسییەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لە كۆتایی وتەكەیدا قوباد تاڵەبانی پشتیگری خۆی بۆ پارێزگاری نوێی نەینەوا نەجم عەبدوڵڵا جبوری دەربڕی كە كاری هاوبەشی لەگەڵ هەرێم كردووە لەقۆناغی ئازادكردنی شارەكەو هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و ڕایگەیاند "ئێمە ئامادەین ئەزموونەكانمان بەش بكەین چ باش بن یان خراپ".
كۆڕبهندی نهینهوا بۆ وهبهرهێنان لەلایەن ئاژانسی ئهمریكی بۆ پهرهپێدانی نێودهوڵهتی (USAID) بهڕێوهدهبرێت و له رۆژانی ٣ تا ٥ی كانونی یهكهم له شاری ههولێر كارەكانی بەردەوام دەبێت، به بەمەبەستی هاندانی ئاوهدانكردنهوه و بهگهڕخستنهوهی كهرتی بنیاتنان لهو پارێزگایهدا.