قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی بەریتانیا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکەن
جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: لە کوردستان و عێراق تەنھا کێشەی سیاسی و ئیداری نیە، بەڵکو مەترسی داعش ھەر زیندووە و دەبێت خەم سارد نەبین لەو بارەیەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17 تەمموزی 2019 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە ھەولێر، پێشوازیكرد لە جۆن ویلكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و جێمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەولێر.
لەو دیدارەدا باڵیۆزی بەریتانیا پیرۆزبایی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان کرد و دووبارە متمانەدانەوە بە قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆك وەزیران. هاوكاری و پشتیوانی وڵاتەكەشی دووپات كردەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها ستایشی ھەنگاوی حکومەتی ھەرێمی کرد کە یەكەم وێستگەیان سەردانی شاندێکی باڵا بوو بۆ بەغدای پایتەخت پاش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم.
لای خۆشییەوە، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەڵوێست و پاڵپشتی بەریتانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی شانشینی یەكگرتووی لەمبارەیەوە بەرز نرخاند، هەروەها تیشكی خستە سەر بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان.
پاش گفتووگۆ کردن لەبارەی کێشە سیاسی و ئیدارییەکانی عێراق و کوردستان، قوباد تاڵەبانی ڕوونیكردەوە کە لە کوردستان و عێراق تەنھا کێشەی سیاسی و ئیداری نیە، بەڵکو مەترسی داعش ھەر زیندووە ودەبێت خەم سارد نەبین لەو بارەیەوە.
هەروەها لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم کرا و چۆنیەتی باشتر پێشکەش کردنی خزمەتەکان بەھاوڵاتییان تیشكی خرایە سەر.