قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان إيف لو دريان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندى ياوەری كرد كە بەسەردانێك گەشتنە هەرێمی كوردستان و بڕیارە بەشداریی كۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی فەرەنساو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بکات.
لە مەراسیمی پێشوازییەكەدا كە ئەمڕۆ ١٧ تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو، هەریەك لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم هاوڕێی قوباد تاڵەبانی بوون و بڕیارە لەم سەردانەیدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لە هەرێمی كوردستان لەبارەی پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە ئەنجام بدات.
بڕیارە قوباد تاڵەبانی ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیەش ببێت كە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی میوانی فەرەنسی بەڕێوە دەچێت.