قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی لە دەیڤد شەنكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێكەوە بارودۆخی كوردستان و عێراق و چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم و ڕەوشی رۆژئاوای كوردستانیان تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ ١٥ تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ لە هەولێر بەڕێوەچوو باس لە چاكسازییە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان كرا بەتایبەت لە ناو هێزەكانی پێشمەرگە و لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداش هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
لە تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكە باس لەئەگەری ئاوارەبوونی دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان و ئامادەكارییەكانی پێشوازیكردن و بەهاناوەچوونیان كرا.
شاندی میوان پاڵپشتی تەواویان بۆ حكومەتی هەرێم دەربڕی لەهەنگاوەكانی بۆ چاكسازی و بۆ سوككردنی باری سەرشانی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا ماثیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق و ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر لەلایەن ئەمەریكییەكان و د. دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێم لە واشنتۆن ئامادە بوون.