Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: پێویستە کۆماری چیک ئامادەییەکی زیاتری هەبێت لە هەرێمی کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پیتەر هلادیک بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چیک کۆبووەوە و تاوتوێی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری چیک و هەرێمی کوردستانیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو و تیایدا کۆنسولی گشتی چیک لە هەولێر ئامادەبوو، قوباد تاڵەبانی پشتگیری حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ ئەوەی کۆماری چیک لە بوارەکانی ئابوری و پەرەوەردە و خوێندنی باڵادا ئامادەییەکی زیاتری هەبێت لە هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی چیکی دەکات و زەمینەی گونجاویان بۆ دەڕەخسێنێت تا لە هەرێمدا وەبەرهێنان بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان گرنگی بە ئەزمونی سەرکەوتووانەی کۆماری چیک دەدات لە قۆناغی گواستنەوەدا، بەوپێیەی هەندێک خاڵی لێکچوون هەیە لەنێوان ئێستای هەرێمی کوردستان و قۆناغی دوای سەربەخۆیی کۆماری چیک.

لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران بەپێویستی زانی کۆماری چیک و هەرێمی کوردستان کاری هاوبەشی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سود لە ئەزمونی حکومڕانی و دەوڵەتداری کۆماری چیک لە قۆناغی ڕاگوزەریدا ببینێت.