جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ باڵێۆزی ئێران لە عێراق: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەپێی دەستور هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق و لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئێران و هەرێم کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢ی ئۆکتۆبەر لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی باسی پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و شیعەی کرد لە عێراق و بە پێویستیشی زانی هەردوولا لە داهاتووی عێراقدا پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بکەن، چونکە لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان ئەم دوو پێکهاتەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری و پێشخستنی وڵات.
هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەپێی دەستور هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.