قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی هەڵەبجە: لەمەولا گرنگی زیاتر بە پرۆژەكان دەدرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجەو شاندێكی شارەكە كۆبوویەوەو گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرۆژانە كرد كە دەبێتە هۆی بوژانەوەی زیاتری پارێزگاكە.
قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ ١٣ تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیكرد لە شاندێكی پارێزگاری هەڵەبجە بەسەرۆكایەتی ئازاد تۆفیق پارێزگار و كاوە عەلی جێگری پارێزگار و نوخشە ناسیح قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە، لەمیانەی كۆبوونەوەیەكیشدا بەرەوپێشبردن و چارەسەركردنی گیروگرفتی پڕۆژەكانی هەڵەبجە تاوتوێكرا و پێشنیاری گونجاو لەبارەیانەوە خرایە ڕوو.
لەلای خۆشییەوە جێگری سەرۆك وەزیران جەختی كردەوە وەك هەمووجار ئەوەندەی بكرێت درێغی ناكەن لە گرنگیدان بە هەڵەبجەو تەواوكردنی پێداویستییە ئیداری و لۆجستییەكانی پارێزگاكە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن ژێرخانێكی خۆی.
هەروەها باسی لەوەشكرد لەمەولا حكومەتی هەرێم گرنگی زیاتر بە پرۆژەكانی پارێزگای هەڵەبجەو ناوەندی شارەكە دەدات و ئەوانیش خۆشحاڵی و پێزانینی خۆیان بۆ لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەڵەبجە خستەڕوو.