قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا دوا پێشهاتەكانییان تاوتوێكرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - جێگری سەرۆك وەزیران و باڵیۆزی فەرەنسا لەعێراق، بەئامادە بوونی کونسڵی فەرەنسا لە ھەرێم، گفتوگۆیان لەبارەی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد.
لەمیانەی پێشوازیكردن لە برۆنۆ ئۆبیر باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق ئەمڕۆ ٧ تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ قوباد تاڵەبانی، جەختیكردەوە پێویستە ئەو گرژی و نائارامیانەی ئێستا لە عێراقدا هەن بەشێوازێكی هێمنانە و ژیرانە چارەسەر بكرێن.
ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ حكومەتی عێراق نزیکن لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان لەسەر بنەمای مادە و بڕگەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بەتایبەت لەبارەی پرسی بودجەی هەرێمی كوردستان.
ھەروەھا لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە رەوشی ئێستای سوریا کرد و گرنگی چارەسەر کردنی کێشەکان بێ زیان گەیاندن بە ھاوڵاتیانی سڤیل.