قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی فەرەنسا کرد
• قوباد تاڵەبانی ستایشی پاڵپشتی سەرۆک و حکومەتی فەرەنسا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سوپاسی سەرۆک و حکومەتی فەرەنسا دەکەین کە لەکاتی ئابڵوقەکانی سەر هەرێمی کوردستان، دەرگایان بەروومان کردەوە و هاوکارمان بوون. وتیشی : گەر سەردانی سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەندە نەبوایە بۆ کۆشکی ئێلیزی، دۆخی هەرێمی کوردستان نەدەگەیشتە ئەو دۆخەی ئێستا و دەرگای وڵاتانی تریش بەئاسانی بەڕوومان نەدەکرانەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠١٩/١٠/١ لەهەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی کرد لە ئۆلیڤییە دیکۆتینێ کونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتووگۆ لەبارەی رەوشی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، هەروەها پتەو کردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ فەرەنسا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوون.
سەرەتا جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە دەستبەکار بوونی قونسڵی نوێی فەرەنسا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، دواتر باسی ڕوشی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، و ئاماژەی بە گفتووگۆکانی نێوان هەوڵیر و بەغدا دا کە قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە بە ئاڕاستەی چارەسەر کردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەت پرسی بوودجە و ناوچە جێناکۆکەکان.
سەبارەت بە پەیوەندی هەرێم و فەرەنسا، قوباد تاڵەبانی وێڕای بەرزنرخاندنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی فەرنسا و کوردستان و هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بۆ گەلی کورد، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی سەرۆک و حکومەتی فەرەنسا دا لەکاتی ئابڵوقەکانی دوای ریفراندۆم بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
هەر لەڕێی قونسوڵی فەرەنساشەوە، سوپاس و ستایشی خۆی بۆ سەرۆک و حکومەتی فەرەنسا نارد و وتی "سوپاسی سەرۆکی فەرەنسا دەکەین کە دەرگای بە ڕووی سەرۆکی حکومەتی ئەوکات کاک نێچێرڤان بارزانی و بەندە کردەوە بۆ ئەوەی سەردانی فەرەنسا بکەین، وئەو سەردانەش بووە هۆی کردنەوەی دەرگای وڵاتانی تریش بە رووی کوردستان و چەندین دیداری فەرمی تر رێکخران بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان ئاسایی ببنەوە.
هەروەها وتیشی "ئەگەر ئەو سەردانەی سەرۆکی حکومەتی ئەوکات و بەندە بۆ پاریس و دیدارمان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا نەبوایە، دۆخی هەرێمی کوردستان نەدەگەیشتە ئەو دۆخەی ئێستا و دەرگای وڵاتانی تریش بەئاسانی بەڕوومان نەدەکرانەوە لەو قۆناغە سەختەدا".