قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكانی گەرمیان کۆبووە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ لایەنە ئەمنی و سەربازییەکانی گەرمیان دۆخی ئەمنی ناوچە سنوورییەکان و چۆنیەتی پێشگرتن لە جموجوڵی تیرۆرستانی پاشماوەی داعشی تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی ٦ی ئەیلولی 2019، ئەنجامدرا، قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە چیتر نابێت رێگە بدرێت تیرۆریستان و چەكدارەكانی پاشماوەی داعش ئەو کەلێن و بۆشاییە ئەمنیانە بقۆزنەوە کە لە سنوری نێوان هێزەکانی هەرێم و بنكەو بارەگاكانی هێزە عێراقییەکاندا هەیە.
ھەروەھا ڕونیكردەوە حكومەتی هەرێم لەخەمی پاراستنی سەقامگیری هەرێمی کوردستاندایەو بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت، داواشیکرد هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی گەرمیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش ئاستی هەماهەنگی نێوانیان زیاتر و توندوتۆڵتر بکەن و سوپاس و ستایشی رۆڵی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی گەرمیانی کرد لەپای ئەركی پاراستنی سنورەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوە کرد کە راستە داعش لەڕووی سەربازییەوە تێک شکاوە بەڵام ئەو زەمینەو پاساوانەی داعشی بەرهەمهێنا بەشی زۆری وەك خۆی ماوەتەوە، هەر بۆیە پێویستە شان بەشانی چاوكراوەیی ئەمنی و بەرەنگاریی سەربازیی، لە سەر ئاستەكانیتریش حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق پێكەوە بەرەنگاری داعش و ژێرخانی تیرۆر ببنەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی ئەمنی گەرمیان پلانی خۆیان و داواکارییەکانیان خستە روو، جێگری سەرۆک وەزیرانیش ئەوەی پێ راگەیاندن کە حکومەتی هەرێم بە هەموو توانایەوە هاوکاریانە بۆ ئەوەی بە یەکجاری مەترسی داعش لە سنوورەکە بنەبڕ بکەن.
ئەم كۆبوونەوەیە دوابەدوای سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ ماڵی خێزانی شەهیدان: ئاسۆ، پشتیوان، حەیدەر بەرزان هات كە كۆتایی تەمموز لە کوڵەجۆ لە هێرشێكی تیرۆریستانی داعشدا شەهیدبوون.