Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: گەشبینین بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق گەشبینی خۆیان لەبارەی گفتوگۆكانی ئەمدواییەی هەولێر و بەغدا پیشاندا بۆ گەشتن بە رێككەوتن لەسەر كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوانیان.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18 ئەیلولی 2019 پێشوازیی لە ماثیۆ تولێر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد و ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی ئەرێنی لە گفتوگۆ دوو قۆڵییەكانی نێوان بەغداو هەولێر دا، هەردوولاش هاوڕابوون كە گەشبینن بە گەشتنی بەغداو هەولێر بە چارەسەری یاسایی و گونجاو بۆ سەرجەم كێشە كەڵەكەبووەكان.


باڵیۆزی ئەمەریكا كە ستیڤ فەیگن كونسوڵی هەولێر، هاوڕێیەتی دەكرد هاوڕابوون لەسەر ئەوەی زەمینەی لەبار هەیە بۆ گەشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر زۆربەی كێشەكان و جەختیان لە چڕكردنەوەی دیدار و سەردانەكان لەنێوان بەغداو هەولێر و بەردەوامییان كردەوە بەتایبەت كە لێكگەشتن لە هەڵوێستی هەردوولا هەیە لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق.