جێگری سەرۆكی حكومەت جەژنی سەری ساڵی ئێزیدی پیرۆز دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدی، پیرۆزبایی لە خوشك و برایانی ئێزدی دەكات.
تێكستی پەیامی جێگری سەرۆكی حكومەت:
هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدی "چوارشەممەی سور" لە هەموو لایەك پیرۆز دەكەم، بە هیوام ئەم بۆنەیە كە لە ناوەڕاستی نیسانی بوكی بەهار و وەرزی نوێ بوونەوە و ئاوەدانی دایە، سەرەتای تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نائاساییەی بڵاوبونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت كە خۆپارێزی و دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتی لەسەر هەموومان پێویست كردووە.
خوشك و برایانی ئێزدی بەشێكن لە دیرۆك و دیوێكی دیكەی شوناسی كوردستانی جۆراوجۆر و فرەچەشنن، ئەم پێكهاتەیە لە مێژووی خۆیاندا نەهامەتی و ماڵوێرانی زۆریان دیوە كە دواترینیان بەر لە شەش ساڵ لەسەر دەستی داعشی تیرۆریست بوو، ئاساییكردنەوەی ژیان و گوزەرانیشیان ئەركی سەرشانی هەموومانە و پاڵپشتییان دەكەین و پێوەی پابەندین.
هەموو كاتێكتان جەژن بێت و جەژنەكانتان پڕ لە خۆشی و شادی بێت.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران