شاندی حكومەتی ھەرێم و دەستەی سیاسی رەوتی سەدر كۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شاندی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر كۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی پەیوەندییەكان لەپێناو گەیشتن بە ڕێككەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا، سەر لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢٩ نیسانی ٢٠٢٠ شاندی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ شاندێکی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتیی نەسار روبەیعی کۆبووەوە.
دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر پشتگیری خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و رایانگەیاند رازی نابن مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان زەوت بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ستایشی هەڵوێستی رەوتی سەدری کرد و جەختی لە پێویستی هەماهەنگی لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان کردووە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنی زیاتر هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەت لەم قۆناغەدا کە عێراق لەبارودۆخێكی تایبەت دایە.
لە کۆبوونەوەکە هەردوولا رێككەوتن لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و ناوەند لە پەیوەندی و زانیاری گۆڕینەوەی بەردەوامدا بن.