قوباد تاڵەبانی ئارامگای پیرەمێردی بەسەر كردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیدا ئارامگای پیرەمێردی نوسەر و رۆژنامەوانی ناوداری كوردی بەسەركردەوە وەك رێزلێنان لە پێشەنگەكانی رۆژنامەگەریی كوردی.
لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا (٢٢ نیسان) و بەمەبەستی رێزلێنان لە رۆژنامەوان و ماندووەكانی كاروانی رۆژنامەگەریی كوردی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئارامگای پیرەمێردی شاعیر و نوسەر و رۆژنامەوانی ناوداری كورد لەگردی سەیوانی سلێمانی بەسەر كردەوە.
پیرەمێرد یەكێكە لە دەستەبژێرێكی رۆشنگەر و نوسەر و ئەدیبی ناوداری كورد كە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا لە رۆژنامەكانی ژین و گەلاوێژ و چەند چاپەمەنییەك و بڵاوكرایەوەیەكی تردا رۆڵێكی گەورەیان لە پەرەپێدانی رۆژنامەگەریی و رۆشنبیری كوردیدا گێڕاوە و ئەرشیف و بناغەیەتی پتەویان بۆ كاری میدیای و وەشاندن لەناو گەلی كورددا داڕشتووە.
هەر لەم رۆژەدا قوباد تاڵەبانی لەرێگەی پەیامێكی تایبەتەوە وێڕای پیرۆزبایی یادی ١٢٢ ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی، داكۆكی لەئازادی بیروڕا و چاپەمەنی و رێزگرتن لە رۆژنامەوانان و كاری رۆژنامەگەریی دووپات كردەوە، بەوپێیەی ئاوێنەی كۆمەڵگان و ئەركی گەیاندن و هۆشیاركردنەوەی خەڵك بەجێدەهێنن.