قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ مالیكی و عەبادی كۆبوویەوە
بەغدا، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كۆبووەوە و لەبارەی چارەسەری گشتگیر و هەمیشەیی كێشەكانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان كرد.
سەر لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢٩ نیسانی ٢٠٢٠ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بە جیا سەردانی هەریەك لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر و ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆكی هاوپەیمانێتی نەسری کرد و لەبارەی كێشەكانی بەغدا و هەولێر و چارەسەری یاسایی و گشتگیری گرفتەكان بیروڕایان گۆڕییەوە.
لە هەر دوو کۆبوونەوەکەدا تیشك خرایە سەر هۆكار و ریشەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و باس لەوەكرا هۆكاری هەندێک لەو كێشانە بۆ بۆشایی یاسایی دەگەڕێتەوە بە تایبەت لە بواری نەوت و گازدا.
نوری مالیكی رۆڵی بنەڕەتیی سەرۆك تاڵەبانی لە عێراق بیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوە كرد بۆشایی ئەو كەسایەتییە هۆكارێكە بۆ ئاڵۆزتربوونی كێشەكانی عێراق.
لەلای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی پێشنیارەكانی چارەسەری بە هەردوو سەركردە عێراقییەكە گەیاند و هەموولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامی گۆڕینەوەی بیروبۆچوون تا گەیشتنە رێكەوتنێكی هاوسەنگ و گشتگیر بۆ سەرجەم كێشەكان.
لە هەردوو سەردانەکەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا هاوەڵی قوباد تاڵەبانی بوون.