قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵ ونوێنەری وڵاتان لەھەرێم كۆبووە
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ نزیکەی ٢٥ کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەرێم کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ ئابی ٢٠٢٠ لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی گرنگیی رێککەوتنی ئەم دوایەی نێوان هەولێر و بەغدای روونكردەوە و رایگەیاند: رێککەوتنەکە دەرئەنجامی چەندین مانگ لە دانووستانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بووە.
باسی لەوەشکرد هەرچەندە رێككەوتنەكە بۆ ماوەیەکی کاتییە، بەڵام بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی دروست بووە ئەم رێککەوتنە بناغەیەکی باشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەنی گشتگیر بەپێی دەستور کە ئامانج و كاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی دارایی هەرێم و پرۆسەی چاکسازییەکان کرا، جێگری سەرۆکی حكومەت باسی لەوە کرد هەرچەندە بەهۆی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابورییەکانی؛ هەرێمی کوردستان تووشی گرفت بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر بەرنامەی چاکسازی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەكانی داهات.
لە تەوەرێكی تردا قوباد تاڵەبانی دۆخی تەندروستی و تەشەنەسەندنی خێرای پەتای کۆرۆنای لە هەرێمی كوردستان بۆ كونسوڵەكان روونكردەوە و داوایکرد وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان هاوكاری حكومەتی ھەرێم بن بۆ زاڵبوون بەسەر پەتاکە.
ئەم کۆبوونەوەیە درێژكراوەی کۆبوونەوەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە لەگەڵ نوێنەران و باڵیۆزانی وڵاتانی بیانییە و رۆژی رابردووش لەگەڵ باڵیۆزان و نوێنەری وڵاتان و نوێنەری یۆنامی كۆبوویەوە.