Skip to the content

قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لە شاندێكی بەریتانیا كرد

• قوباد تاڵەبانی: بەم نزیکانە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وزیران، ئە‌مڕۆ سێشە‌ممە‌ پێشوازی لە شاندێكی بەریتانی کرد كە لە جەیمس کلیڤەلی وەزیری دە‌وڵە‌ت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پێكهاتبوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەیمز کلیڤەلی، خواستی حکومەتی بەریتانیای بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی کلتوری و گەشتوگوزار و بازرگانی خستەڕوو. لەلای خۆشییەوە، قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لەم بیرۆکەیە کرد و ئامادەیی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی دەربڕی.

لە بارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمدا کە ئامادەیە بە بەپێی دەستور هەموو کێشەکانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی چارەسەر بکات و راشیگەیاند بڕیاریان داوە بەم نزیکانە شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا بکات.

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتی هەرێم دەربڕی و ئامادەی وڵاتەکەشی نیشاندا هاوکاری هەرێم و بەغدا بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان. راشیگەیاند چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە هەموو عێراق و ناوچەکە. جەختیشی کردەوە کە نابێت پرسی بودجە و موچەی هەرێم لە بەغدا بە سیاسی بکرێت و لایەنە عێراقییەکان ئەم بابەتە وەک کارتێکی سیاسی بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنن.